دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵاتدا، سەرۆك وەزیرانی پاكستان داوای دیالۆگی جددی لە هیندستان دەكات.

دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان پاكستان و هیندستان، بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئەو ئاگربەستەی  بە سەركەوتن بەسەر هیندستاندا وەسفكرد بەوهۆیەوە پیرۆزبایی لە گەلی پاكستان كرد.

راشیگەیاند، سەركەوتنێكە نەك تەنها بۆ هێزە چەكدارەكان، بەڵكو بۆ هەموو میللەتەكەیان، هەروەها وتیشی، مێژوو ئەوەی لەبیر ناچێتەوە كە هێزە چەكدارەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەیان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا سوپای هیندستانیان بێدەنگ  كرد.

هاوكات، سەرۆك وەزیرانی پاكستان جەختی كردەوە لە گرنگی هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات، دیارترینیان دابەشكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و ناوچەی كشمیری كێشە لەسەرە، جەختی لەوەشكردەوە، كە داوای دیالۆگی جددی لەگەڵ نیودەلهی دەكات.

گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دوای هێرشێكی چەكداری لە 22ی نیسان لە كشمیری بەشی هیندستان دەستیپێكرد، كە بەهۆیەوە و 26 كەس كوژران كە زۆربەیان گەشتیاری هیندستان بوون.