هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی لەبارەی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل لەلایەن شۆفێرانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، رەشکردنی جام بەدەر لە رێنماییەکان، سزای 500 هەزار دینار پێبژاردن و سێ رۆژ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بۆ دانراوە.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە رەشکردنی جامی پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبێل ئاساییە، بەڵام ئەوانە تەنها دەنگۆن و دوورن لە راستییەوە، لەبەرئەوەی رەشکردنی جام ئاستی بینین کەمدەکاتەوە و دەبێت بەپێی رێنماییەکان کاری لەسەر بکرێت.

هاتوچۆ شۆفێران و دوکانەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکاتەوە، کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی رێژە/ ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای رەزامەندی وەرگرتن بە رێژەی بەرزتر قەدەغەیە، هەروەها سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، سەرجەم مەفرەزە گەڕۆکەکانی هاتوچۆ ئاگادار کراونەتەوە ئامێری پێوەری رێژەی جام رەشکردن بەکاربهێنن تا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت.

دەشڵێت، هەر شۆفێرێک پێچەوانەی رێنماییەکان ئۆتۆمبێلەکەی بکات بە جامڕەش، ئەوا بە بڕێ 500 هەزار دیناری عیراقی سزا دەدرێت و ماوەی سێ رۆژ دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.