قەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بەر فڕۆکەخانەی سەنعای یەمەن کەوتووە راگەیەنرا
هەساو ئەمیر
٧ی ئایاری ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن رایگەیاند، ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە بە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
خالد شایف بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن بە میدیاکانی راگەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر فڕۆکەخانەی سەنعا، بە بڕی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار زیان بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکان بۆ بە تەواوی خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامە و لە رۆژانی داهاتووشدا راپۆرتی ورد لەو بارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
دوێنێ سێشەممە، ئیسرائیل لە رێگای ئاسمانییەوە هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای نێودەوڵەتی لە یەمەن و چەند پارێزگایەکی رۆژئاوای وڵاتەکە.
هاوکات، دوێنێ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان خۆی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت.