ئیسرائیل سەردانی ترەمپ بۆ ناوچەکە وەک دوا وادە بۆ رێککەوتن دیاری دەکات
رەوەز
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەکسیۆس رایانگەیاند کە تەلئەبیب سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوو وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ دیاری کردووە، هەروەها هۆشداریشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان داوە.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کردووە تا کەرتی غەززە داگیر بکات و تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەر تا 15ـی ئایار رێککەوتن نەکرێت.
لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە؛ بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا رونی کردەوە: "بژاردەی دیکەی بەردەستی فەلەستینییەکان ئەوەیە کەرتی غەززە جێ بهێڵن، بەڵام ئەستەمە دانیشتووان لە کەرتەکە بڕۆن، بە تایبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێک رازی نەبووە فەلەستینییەکان وەربگرێت؛ بەڵام دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لەم بارەیەوە لە ئارادایە".
هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن ئەم پلانە نوێنەرایەتی بژاردەیەکی "ئەتۆمی" دەکات و جەختیان لەوە کردەوە: "پێمان باشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی خۆمان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی بەدوور بگرین".
بەپێی وتەی هەمان ئەو بەرپرسانە، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا رۆڵی راستەوخۆ لە نێوەندگیریدا ناگێڕێت، ئەمەش بە شێوەیەک گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵکردووە تاکوو بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە بە پێویستی دەزانێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیل هیوادارن هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی بەرفراوان پاڵ بە حەماسەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ترەمپ سەردانێکی سێ رۆژە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات و بچێتە سعودیە، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی، بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات یان نا.