دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی NBC رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران "هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی تارانە".

لە چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە ئامادەیە گوێ لە پێشنیازەکانی ئێران بگرێت سەبارەت بە دەستکەوتنی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا و گوتی: "لە زۆربەی باردا وزەی ئەتۆمی مەدەنی دەبێتە هۆی جەنگی سەربازی".

سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراین و روسیا، ترەمپ رایگەیاند: "پێم وایە لەگەڵ لایەنێک نزیکترین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن"، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی لایەنەکە ئاشکرا بکات.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، دەربارەی خۆ کاندید کردنەوەی، وتی: "بە دوای خولی سێهەمی سەرۆکایەتی نیم، تەنیا دەمەوێت چوار ساڵی مەزن هەبێت و پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە جێبهێڵم".

ترەمپ سەبارەت بە شوێنگرەوەی داهاتووی رایگەیاند، پێی باشە کەسێکی دیموکراتی بێت و هاوکات جەختی کردەوە کە جەی دی ڤانس "کەسێکی لێوەشاوە دەبێت بۆ ئەو پۆستە".

شایانی باسە، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە سەبارەت بە بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خولی سێهەم "گاڵتە ناکات"، بەڵام بە پێی لێدوانە نوێیەکەی، بەڵێنی داوە تەنها بۆ یەک خولی دیکە لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە.