قوباد تاڵەبانی: ماف و شایستەی کرێکاران بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی دەکەین
هەساو ئەمیر
١ی ئایاری ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا رایگەیاند، لە رابردوودا هەوڵماندا لەڕێی هەمواری یاسا و دەرکردنی رێنمایی نوێوە بەشێک لە مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەین، لەمەودواش هەوڵدەدەین ماف و شایستەی کرێکاران بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی دەکەین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندندایە و کەرتی تایبەت ساڵ لە دوای ساڵ بەهێزتر دەبێت، بەڵام گەشەسەندنی راستەقینە بەدی نایەت بەبێ هێزێکی کاری شارەزا کە مافەکانیان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پارێزراو بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵانی رابردوودا هەوڵماندا لەڕێی هەمواری یاسا بەرکارەکان و دەرکردنی رێنمایی نوێوە بەشێک لە مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەین، لەمەودواش هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لەلایەکەوە پەرە بە تواناکانی دەستی کاری ناوخۆیی بدەین و لەلایەکی دیکەشەوە ماف و شایستەکانیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی بکەین".
لە کۆتاییدا دەشڵێت: لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا پیرۆزبایی لە هەموو کرێکارانی زەحمەتکێشی کوردستان دەکەین و رۆڵیان لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین.