خانمی یەکەمی عیراق لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی وەزارەتە رەسەنەکان و سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کۆبوونەوە و خانمی یەکەم رایگەیاند، پێویستە پرسی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون لە پاراستنی کەرامەتی منداڵ و مافەکانیان لە خوێندن و تەندروستیدا دەست پێ بکات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لەگەڵ دی کوک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی وەزارەتە رەسەنەکان و سارا لەتیف رەشید سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کۆبوونەوە و باسیان لەو ئاڵنگارییە هاوبەشانە کرد کە دێنە ڕێی کاری مرۆیی بە تایبەت لە بواری پشتیوانی ژنان و منداڵاندا.

لەو بارەیەوە خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بە رۆڵی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا، لە رێگای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و گەرەتنیکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆیان، لەرێگای بەشداریکردنی خودی کۆمەڵگەکەوە.

هاوکات، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە حکومەتەکان و رێکخراوەکان کرد، بۆ چاودێریکردن و فێرکردنی منداڵان لەو کۆمەڵگانەی بەدەست کاریگەرییەکانی دۆخی ناوخۆ و ناوچەییەوە دەناڵێنن، کە لە سەرەوەی گرنگیپێدانەکانەوە بن.

ئەوەشی خستە روو، پرسی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون کە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێوەی سەرقاڵە، پێویستە لە پاراستنی کەرامەتی منداڵ و پاراستنی مافەکانیانەوە سەرچاوە بگرێت، لە بواری خوێندن و تەندروستیدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سارا لەتیف رەشید سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان باسی لە کارەکانی رێکخراوەکە کرد بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان، گەشەسەندنی منداڵان، خێزانە زیانلێکەوتووەکان و کەمپی پەنابەران کرد.

راشیگەیاند، پاراستنی منداڵ و فەراهەمکردنی ژیانێک کە تیایدا کەرامەتیان پارێزراو بێت مافێکی مرۆڤبوونیانە کە هاوتای مافی ژیانیانە، جەختیشیکردەوە لەوەی، هەستی پارێزراوی و سەقامگیرییان پێ دەدەن، کە ئەوە بنەمای بەرەوپێشچوونی هەر گەل و نەتەوەیەکە.