گورگەکانی زنجیرەی 'یاریی تەختە پادشاییەکان' گەڕێنرانەوە بۆ ژیان
٨ی نیسانی ٢٠٢٥
گورگە سامناکەکان دوای تێپەڕبوونی 10 هەزار ساڵ بەسەر لەناوچوونیان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بە سەرکەوتوویی 'دی ئێن ئەی'یان کۆپی کرایەوە و گەڕێنرانەوە بۆ ژیان.
کۆمپانیای Colossal Biosciences" کە بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، رایگەیاند، زاناکانیان توانیویانە "DNA" لە گورگە بەبەردبووەکان دەربهێننەوە و رێکیبخەن کە مێژووەکەیان بۆ 11 هەزار و 500 ساڵ تاوەکو 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دواتر بەسەرکەوتوویی سێ بەچکە گورگی لێ کۆپی بکەن بە ناوەکانی: رێموس، رێمولوس و خالیسی.
ئەو جۆرە گورگە لە زنجیرە درامای "یاریی تەختە پادشاییەکان" و چەندین فیلمی دیکەدا دەردەکەون و بەو هۆیەوە خەڵکی پێیان ئاشنان.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی "CBR"ـی ئەمریکی، بێن لام هاودامەزرێنەری کۆمپانیای کۆڵۆساڵ ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەچکە گورگەکانیان پیشانی جۆرج رایمۆند ریچارد مارتینی نووسەری "یاریی تەختە پادشاییەکان" داوە و راستەوخۆ دەستی کردووە بە گریان.
ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە بەردەوامە لە توێژینەوەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بوونەوەرە لەناوچووەکانی وەک مامۆس و باڵندەی دۆدۆ و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیانیان.