ئەمڕۆ ئەو لێخۆشبوونەی ئەمریكا كۆتایی دێت كە رێگە بە عیراق دەدات بۆ كڕینی غاز و كارەبا لە ئێران.

لەگەڵ وادەی تەواوبوونی ئەو رێگەپێدانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەیەوێت پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكات، بەو پێیەی عێراق ترسی هەیە لە وەرزی هاویندا قەیرانی بەرهەمهێنانی كارەبای بەهۆی نەبوونی غازەوە زیاتر لەسەر قورس ببێت.

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو لێخۆشبونانە دەكرێت كە پاڵپشتی بۆ ئابووری ئێران دەكەن، داواش لە حكومەتی عیراق دەكات بە زووترین كات كۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی ئێران بهێنێت، هاوكات ستایشی پابەندبوونی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە.

بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار، ئەمریكا لێخۆشبوونەكان نوێ ناكاتەوە بە ئامانجی زیادكردنی فشارەكان لەسەر بەغداد بۆ ئەوەی سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر كەرتی نەوت و وزەی ئێران جێبەجێ بكات و لەو چوارچێوەیەشدا رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بكات، لە پێناو رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان، بەغداد نەوتی هەرێم وەكو جێگرەوەیەك بۆ نەوتی ئێران هەناردە دەكات.