ئەنجومەنی هەماهەنگی کاروباری کەرتی بانکی لە ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکانی چوار بانکی سەرەکیی وڵاتەکەی پەکخستووە، بەڵام هیچ جۆرە دزەکردنێک بۆ ناو زانیارییەکانی کڕیاران و بەشداربووان تۆمار نەکراوە.
میدیا رەسمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری ئەنجومەنەکەوە بڵاویانکردەوە، هێرشەکە ژێرخانی هاوبەشی پەیوەندییەکانی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن بانکەکانی "ملی" (نیشتمانی)، "تیجارەت"، "سادرات" و "گەشەپێدانی هەناردەکردنی ئێران"ـەوە بەکاردەهێنرێت.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە وای لە تیمە تەکنیکییەکان کردووە رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی کاریگەری کردووەتە سەر هەندێک لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
ئەنجومەنی ناوبراو جەختی کردەوە کە هیچ دەستڕاگەیشتنێکی نایاسایی بە زانیارییەکانی کڕیاران یان سڕینەوەی داتاکان تۆمار نەکراوە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ باری ئاسایی خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بانکەکانی ئێران دوێنێ شەممە رایانگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانیان تووشی تێکچوونی تەکنیکی بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ئەنجامدانی مامەڵە بانکییە دیجیتاڵییەکان.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"یش بڵاویکردەوە، کێشە تەکنیکییەکە بانکە سەرەکییەکانی گرتووەتەوە (لەوانە ملی، تیجارەت، سادرات و گەشەپێدانی هەناردەکردن)، ئەمەش بەهۆی گرفتێکەوە بووە کە لە بەشێک لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی سەر بە "کۆمپانیای نیشتمانیی خزمەتگوزارییەکانی زانیاری" رویداوە.