فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر سەنعا دەست پێ کردەوە و چەند کاتژمێرێک دواتریش، هێرشیان کردە سەر پارێزگای حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن.
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکانی ئەو وڵاتە، فڕۆکەکانی ئەمریکا 50 هێرشیان کردە سەر پێگەی حوسیییەکان لە سەنعا، حودیدە و عەمران. دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز شاری سەنعای هەژاندووە. دواتر، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، گەڕەکی نەهدە و نوقومی باکور و رۆژهەڵاتی پایتەختیان بۆمباران کرد.
هەروەها میدیاکانی سەر بە حوسییەکان بڵاویان کردەوە فڕۆکە ئەمریکییەکان زیاتر لە 13 جار لەسەریەک هێرشیان کردوەتە سەر شوێنە جیاوازەکانی پارێزگای حودەیدە لە دەریای سور.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشە ئاسمانییەکان دەوروبەری فڕۆکەخانەی حودەیدە لە ناوەندی شارەکە، هەروەها بنکەی دەریایی لە ناوچەی کوتێب لە باکوری پارێزگاکەیان بۆمباران کردووە، جگە لە بۆمبارانی پێگەی حوسییەکان و سەربازگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیل.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "لە مانگی ئادارەوە 300 هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن؛ لە کاتێکدا چەکدارە حوسییەکان ژمارەکە بە نزیکەی 900 هێرش دەخەمڵێنن، کە ناوچە جیاوازەکانی سەرانسەری وڵاتەکەیان گرتووەتەوە.
شایەنی باسە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن دێت، کە ماوەیەکە بەردەوامن و هەندێک جار بریتانیاش بەشداری تێدا دەکات.