ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تەمەنی خانەنشینی کەسوکاری شەهیدانی فراوانکرد و بۆ سودمەندبوون دەبێت بەڵگەی سەلمێندراو هەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت: ئەنجومەنی وەزیران، ، بڕگەیەکی تایبەت بە ڕێنماییەکانی یاسای خانەنشینیی هەموار کردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە: بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (11760) لە ڕۆژی 2026/9/17، بڕگەی (سێیەم/2) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە، لە دەقە هەموارکراوەکەدا بڕیار دراوە، کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
- ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی هەموارکراو تۆمارکراون.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.