بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕێکی ئەمریکی، بنەماڵە و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی سەد رۆژی سەرەتای دەسەڵاتدا بە پشت بەستن بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بازنەکانی دەسەڵات توانیویانە قازانجی دارایی بێوێنە بەدەست بهێنن لە رێگەی کۆمەڵێک پڕۆژەی بازرگانیەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا دۆناڵد ترەمپ، کوڕەکانی و هاوبەشەکانیا پێکەوە، زنجیرەیەک پڕۆژەیان دەستپێکردووە کە لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی قازانجی بەرز لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا وەستاوە.
پڕۆژەی دراوی دیجیتاڵی
لە پڕۆژەی World Liberty Financial کە لەلایەن ترەمپەوە پشتگیری دەکرێت، ستیڤ ویتکۆف و کوڕەکانی بەشدارن. ئەم پڕۆژەیە توانیویەتی زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە لە رێگەی فرۆشتنی تۆکنی دیجیتاڵ بە وەبەرهێنەران لە سەرتاسەری جیهان.
دۆناڵد ترەمپ خۆی پۆستی "بەرگریکاری یەکەمی دراوی دیجیتاڵ" لە کۆمپانیاکەدا بەڕێوە دەبات، هاوکات سیاسەتی ئیدارەکەی وا لێکردووە پشتگیری دراوی دیجیتاڵی بکات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دارایی کۆمپانیاکە.
میم کۆینی فەرمی ترەمپ
نرخی میم کۆینی فەرمی (OFFICIAL TRUMP) لە ماوەی هەفتەی رابردودا بەهۆی ریکلامێکی تایبەتی ماڵپەری ترەمپەوە زیاتر لە%60بەرزبووەتەوە، لە ریکلامەکەدا ماڵپەڕەکە بڵاویکردبووە وە نانخواردنێکی تایبەت بە ئامادەیی ترەمپ بۆ 220کەس لە دەوڵەمەندترین کەسەکان لە بواری دراوە ئەلکترۆنیەکان رێکدەخات و سەرەتا ئاماژەی بەوەدابو کە 25 لە باشترینەکان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی گەشتێکیشیان بەناو کۆشکی سپیدا پێبکرێت، بەڵام دواتر ئەو بەشە لە ماڵپەڕەکە لابرابو.
یانەیەکی تایبەت لە واشنتۆن:
دۆناڵد ترامپ جونیەر و هاوبەشەکانی، لەوانە زاک و ئەلێکس ویتکۆف، خەریکن یانەیەکی تایبەت لە واشنتۆن دروستبکەن، کە نرخی ئەندامبوون تیایدا بە 500 هەزار دۆلار دیاریبکرێت. ئەم یانەیە وەک شوێنێک بانگەشەی بۆ دەکرێت کە بەخشەرە دەوڵەمەندەکان و بازرگانە گەورەکان لەگەڵ دیارترین بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کۆدەکاتەوە.
پڕۆژەکانی دەرەوەی وڵات
بەپێی رێکخراوی چاودێری ئەخلاقی CREW، پێشبینی دەکرێت لە چوار ساڵی داهاتوودا لانیکەم پەرە بە 19پڕۆژە بە براندی ترەمپ لە دەرەوەی وڵات بدرێن. تەنها لەم هەفتەیەدا، رێکخراوی ترەمپ رێککەوتنێکی بۆ دروستکردنی گۆلفێکی لوکس لە قەتەر راگەیاند.
چالاکییە بازرگانییەکانی دیکە:
دامەزراوەی ترەمپ بەردەوامە لە فرۆشتنی کڵاوی نووسراوی "ترەمپ 2028"، کە ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوەی ئەگەری خۆپاڵاوتنی ترەمپ بۆ سێیەم خولی سەرۆکایەتی، کە پێچەوانەی دەستوری ئەمریکایە.
لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024، ترەمپ بانگەشەی بۆ چەندین بەرهەم کرد وەک کۆپییەکانی کتێبی پیرۆز، پێڵاوی وەرزشی، بۆن و کارتی ئاڵوگۆڕ. هەروەها هەڵمەتی سیاسی بەردەوامە لە پشت بەستن بە فرۆشتنی کەلوپەلی هەڵگری دروشمی "با ئەمریکا دووبارە مەزن بکەینەوە" (MAGA) وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی بەخشین.
لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆس دا هاتووە؛ کە چاودێران و دیموکراتەکان پێیانوایە بنەماڵەی ئاماژەی بەوە داوە کە پێدەچێت خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ زیاتر خولێک بێت بۆ دەوڵەمەند کردنی بنەماڵە و کەسانی چواردەوری لە ئیدارەکەی.