هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە، گەیشتنە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا روون نییە کە ئایا کۆبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دەدرێت یان نا.
کۆشکی سپی رایگەیاند کە نێردراوەکان گفتوگۆی کەسی لەگەڵ نوێنەرانی شاندی ئێرانیدا ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ پاڵنانی پڕۆسەی دانوستانەکان بەرەو پێشەوە.
لە بەرانبەردا، میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کە رۆژی هەینی گەیشتە ئیسلام ئاباد، پلانی نییە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکیدا کۆببێتەوە، و بڕیارە پاکستان پێشنیازەکانی تاران بگەیەنێتە واشنتون.
ئەم جووڵانە لە کاتێکدا دێن کە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی دانوستان پەککەوتوون، بەتایبەت بەهۆی سووربوونی ئێران لەسەر رەتکردنەوەی وتووێژ لەژێر سێبەری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، لە بەرامبەر ئەو کۆتوبەندانەی تاران خستوویەتیە سەر هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان دروست کردووە.