حكومەتی بەریتانیا سزای سڕكردنی سامان و قەدەغەكردنی گەشت بەسەر چوار سەركردەی حوسییەكاندا دەسەپێنێت، بە تۆمەتی پێشێلكردنی توندی مافی مرۆڤ و ئەشكەنجەدانی زیندانیان لە ناو زیندانەكاندا.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، سزای بەسەر چوار سەركردە و لێپرسراوی گروپی حوسییەكاندا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە ناو ناوەندەكانی دەستبەسەركردن و زیندانەكاندا لەوانە ئەشكەنجەدان، توندوتیژی و دەستدرێژیی بۆ سەر زیندانییەكان.

وەزارەتەكە جەختیشیکردەوە، ئەم رێكارە سزاییانە دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی بەریتانیایە بە لێپێچینەوە لە هەر لایەنێك ئاشتی و ئاسایش لە یەمەن و ناوچەكەدا تێكبدات.