رۆیتەرز: دۆناڵد ترەمپ نیازی هێرشکردنە سەر ئێرانی نییە
بڵند
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ نیازی هێرشی نوێی نییە بۆ سەر ئێران و وڵاتانی ناوچەکەش داوا دەکەن کۆتایی بە هێرشەکانی سەر ئێران بهێندرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرێکیدا بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاندووە ئەگەر ئێران و حوسییەکانی یەمەن هیچ هەنگاوێکی نوێ دژی ئەمریکا نەنێن، ئەگەری هەیە خۆی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران بەدوور بگرێت.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، دۆناڵد ترەمپ نیازی دوبارە هێرشی بۆسەر ئێران نییە و سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەر بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازییەکی ئەرێنی لە داواکاریی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وڵاتەکەی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراوانتر لە ناوچەکەدا
لەو چوارچێوەیەدا، شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دوو هەفتەی رابردوودا داوایان لە ترەمپ کردووە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێنەکاتەوە.
وەک ئەوەی لە راپۆرەکەدا هاتووە؛ لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا و سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ لەو پەیوەندییانەدا بۆچوونی هەردوو سەرکردەکەی سەبارەت بە بەردەوامبوونی جەنگ وەرگرتووە، بەڵام هیچ بەڵێنێکی رەسمی سەبارەت بە ئەنجامنەدانی هێرشی نوێ نەداوە.



