ئەمریكا پاكێجێكی نوێی سزای بۆسەر چەند كەسایەتییەكی نزیك لە ئێران راگەیاند، كە ژمارەیەك لایەن و كۆمپانیا و كەشتی و دامەزراوەی دارایی لە چەند وڵاتێك دەگرێتەوە و عیراقیشی تێدایە.

وەزارەتی گەنجینە و دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی سزاكانی سەر ئێراندا پاكێجێكی نوێیان راگەیاند، سزاكان چەند لایەن و كەسایەتی و كۆمپانیایەك دەگرێتەوە كە لە رووی سەربازی و ئابورییەوە هاوكاریی ئێرانیان كردووە.

ئەو كەس و كۆمپانیایانەی سزاكان دەیانگرێتەوە لە هەریەك لە وڵاتانی، بیلاڕوس، روسیا، نەیجیریا، هیندستان، توركیا، سەنگافورە و عیراقدان.

پێنج لە كەسایەتییەكان لەناو دامەزراوە داراییەكانی عیراقدا كاردەكەن و هۆشداریش دراوە بە دوو بانكی عیراقی بە ناوەكانی بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و پارەداركردن و بانگی هەماهەنگی هەرێمی ئیسلامی، كە تێوەگلاون لە چەند چالاكییەكی پەیوەست بە ئێران و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.

واشنتۆن جەخت لەوەدەكاتەوە، ئەم رێكارانە بۆ رێگریكردنە لە بەهێزكردن و گەشەپێدانی توانا سەربازییەكانی ئێران و هەر لایەنێك هاوكاری بێت روبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە.