رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرای دەكات، ئیسرائیل بە بیانووی هەبوونی چەكی كیمیایی هەوڵ دەدات ئەمریكا هان بدات بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، لەناو لێپرسراوانی واشنتۆندا ناكۆكی دروست بووە سەبارەت بەو زانیارییانەی ئیسرائیل كە باس لە بوونی چەكی كیمیایی ئێران دەكەن بەجۆرێك بەشێك لە لێپرسراوانی ئەمریكا دەڵێن ئەم بانگەشانەی ئیسرائیل هەڵەی خەمڵاندنە هەواڵگرییەكانی ساڵی 2002ـی چەكەكانی عیراقیان بیر دەخاتەوە.

لای خۆشیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، بە وردی چاودێریی هەموو ئەو هەڕەشانە دەکەن كە لەلایەن ئێرانەوە دەكرێن و ئامادەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا.

هاوكات، لێپرسراوانی ئەمریكا هۆشداری دەدەن كە ناتانیاهۆ دەیەوێت فشار بخاتە سەر دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دژی ئێران.