وەزیری دادی عیراق باس لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیران دەکات و رایگەیاندووە، " بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆک وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ کەرکوک دەرکرد".

د. خالد شوانی وەزیری دادی عیراق رایگەیاندووە: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، دوای تاوتوێکردنی کێشەی کەمیی کارەبا و نیگەرانییەکانی هاووڵاتیانی شارەکە، بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆک وەزیران چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ کەرکوک دەرکرد؛ دابینکردنی 5 ملیۆن لیتر گاز و زیادکردنی 150 مێگاوات کارەبا بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کارەبا و دابینکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی کەرکوک لەلایەن ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لە پارێزگاکەدا کار دەکەن.

وەزیری دادی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە: بەناوی خۆمان و نوێنەرانی کەرکوکەوە، سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی جەنابی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامی بەمەبەستی چاککردنی دۆخی شارەکەمان.