ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە تەواو بوون چاوەڕوانی بەغداد دەکرێت
محەمەد رزگار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 10 تەواوکردووە، هاوکات سیستمی پەیرۆڵ بۆ لیستی موچەی مانگی 11 کارا کراوە.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز، رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابەشکردنی موچە تەواو کراون و کورتهێنانی مانگانەی 120 ملیار دیناریش پڕ کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی موچە و سەرجەم نووسراوە رەسمییەکان بۆ بانکی ناوەندی 'لقی هەولێر' ئامادەن و لەلایەن وەزیری داراییەوە ئمزایان لەسەر کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ تا سەعات 12ی نیوەڕۆ پارەکە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، راستەوخۆ دەست بە وەرگرتن و دابەشکردنی موچە دەکرێت و پرۆسەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا تەواو دەبێت.
هەروەها بەپێی دواین زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، رێکارەکان لە بەغدادەوە تەواوبوون و لە ماوەکانی داهاتوودا دەست بە تەمویلکردن و ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.
لەلایەکی تریشەوە، سەرچاویەک لە گەنجینەی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سیستمی پەیرۆل بۆ داخڵکردنی لیستی موچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێم کاراکرا.


