سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، جەنگ خزمەت به هیچ لایەنێک ناکات و دوژمنان ناتوانن تاران ناچار بە خۆدەستەوەدان بکەن.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، جەنگ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و جەختی کردەوە، دوژمنان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لە رێگەی هەڕەشە و جەنگەوە تاران ناچار بە خۆدەستەوەدان بکەن.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە رووبەڕووی درۆ، بانگەشە ناڕاستەکان و داواکارییە زیادەڕۆییەکانی دوژمنان دەبێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا رابەری باڵای ئێران رێگەی داوە و هەندێک دەسەڵاتی بە حکومەت بەخشیوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان.