ئەمریكا 10 فڕۆكەی بە كەرەستە و پێداویستی سەربازییەوە رەوانەی ئیسرائیل كرد
هەساو ئەمیر
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ئەمریكا 10 فڕۆكەی رەوانەی ئیسرائیل كردووە كە سەرجەمیان پڕبوون لە پێداویستی و كەرستەی سەربازیی.
دەستەی پەخشیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەمریكا 10 فڕۆكەی سەربازیی رەوانەی ئیسرائیل كردووە و گەیشتوونەتە هەردوو بنكەی "عۆڤدا و نێڤاتیم" لە باشوری ئیسرائیل، كە بارەكانیان پێكدێن لە چەك و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و موشەكی پاتریۆت.
ئاشكراشیكردووە، گواستنەوەی ئەو پێداویستییانە بە مەبەستی خۆئامادەكردنە بۆ ئەگەری دووبارە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر ئێران.
رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریكیش ئاشكرایكردووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا 'سێنتكۆم'، چەندین بژاردەی سەربازیی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە تایبەتن بە ئێران.
سەرچاوەكانی ئیسرائیلیش بڵاویانكردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بڕیاری كۆتایی نەدراوە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریكا لە هەماهەنگیدان و ئامادەكاریی دەكەن بۆ هەر بڕیارێك كە لەلایەن ترەمپەوە دەربكرێت.



