فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری جەنگ و سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی لە پلانە سەربازییەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئاگادارکردەوە.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئاگادارکردنەوەکەی فەرماندەیی سەنتکۆم رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچووە، ئەوەش لە کاتێکدایە واشنتۆن تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دەکات دژی تاران.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشێکی سەربازیی "کورتخایەن و چڕ" ئامادە دەکەن، کە رەنگە هەفتەیەک بخایەنێت، بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی تاران و ناچارکردنی بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپای ئەمریکا دەستیکردووە بە رێکخستنەوەی هێزەکانی، هێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" و رەوانەکردنی فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی جەنگیی زیاتر بۆ ناوچەکە.

لە بەرانبەردا، تاران هۆشدارییداوە لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوبژیوان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان و رێگەدان بە بەگەڕخستنەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە گەروی هورمز.