لە نەوتەوە تا ئاسایشی سنورەکان؛ سەردانەکەی زەیدی بۆ دیمەشق نەخشەی هاوبەشیی نوێ دەکێشێت
ساکۆ سمکۆ
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، دەروازەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و دیمەشق واڵا کرد، ئەم سەردانەش، کە یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیرانێکی عیراقە بۆ سوریا لە دوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا، لەلایەن چاودێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە ئاستی ئابووری، وزە و هەماهەنگیی ئەمنیی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.
بۆریی بانیاس؛ دەروازەیەکی نوێ بۆ دەریای ناوەڕاست
لە پێشینەی کارنامەی سەردانەکەی شاندی عیراقدا، پرسی وزە و هەناردەکردنی نەوت بوو، لە کاتێکدا عیراق بەدوای هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوتەکەیدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پشتبەستن بە رێڕەوە تەقلیدییەکان، لەبەرئەوە دەریای ناوەڕاست لەڕێگەی خاکی سوریاوە گرنگترین بژاردەی بەغدادە.
بەپێی لێدوانی شارەزایانی ئابوری، نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی حەدیسە - بانیاس بە توانای هەناردەکردنی ئامانجدار کە دەگاتە دووملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، دەبێتە پردێکی ستراتیژی بۆ گەیاندنی نەوتی عیراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا.
هەرچەندە پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم هەنگاوە پێویستی بە دابینکردنی دارایی و رێککەوتنی تەکنیکیی خێرا هەیە، بەڵام دەستپێکێکی گرنگە بۆ سەردەمێکی نوێی کەرتی نەوتی عیراق.
تەواوکاریی ئابوری و رێگەی گەشەپێدان
لە روانگەی ئابوورییەوە، بەغداد چاوی لەوەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ سوریا لە ئاڵۆگۆڕی کاتییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی بەردەوام و لەوبارەیەشەوە، راوێژکارانی دارایی لە حکومەتی عیراق ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەی 'رێگەی گەشەپێدان' و بەستنەوەی بەندەری گەورەی فاو بە دەروازەکانی سوریاوە، دەبێتە هۆی دروستکردنی شادەمارێکی نوێی بازرگانی بەرەو دەریای ناوەڕاست.
ئەم رێچکە بازرگانییە، چەندین کەرتی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ، خۆراک و کەرەستەی بیناسازی دەگرێتەوە، جگە لە بەشداریکردنی کۆمپانیا عیراقییەکان لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا.
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەی دیمەشقیشدا جەخت لەسەر ئاسانکاریی گومرگی و کەمکردنەوەی رۆتینی بارهەڵگرەکان لە سنورەکان کراوەتەوە.
600 کیلۆمەتر سنور؛ هەماهەنگیی ئەمنی دژی تیرۆر
هیچ کام لە پڕۆژە ئابوری و نەوتییەکان بەبێ سەقامگیریی ئەمنی ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە و عیراق و سوریاش خاوەنی زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشن؛ ناوچەیەک کە لە ساڵانی رابردوودا مەیدانی سەرەکیی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی فرەسنوور بووە.
پسپۆڕانی ئەمنی باوەڕیان وایە کە بڕیاری پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی پێشوەختەی زانیارییە هەواڵگرییەکان لە نێوان هەردوو پایتەختدا، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان و دابینکردنی چەترێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ ئەو پڕۆژە ئابوری و بازرگانییانەی کە بڕیارە جێبەجێبکرێن.
سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و پێگەی هەرێمی
لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی سوریا لە ژێر دروشمی 'یەک گەل لە دوو وڵاتدا'، نیشانەی پەڕینەوەیە لە کۆبوونەوە پرۆتۆکۆڵییەکان بەرەو کارکردنێکی مەیدانی.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە ئەم هەنگاوەی بەغداد هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی و سەربەخۆیی لە بڕیارە سیاسییەکانیدا دوور لە کاریگەری و جەمسەربەندییە هەرێمییەکان، بە جۆرێک کە عیراق لە ناوچەکەدا وەک ئەکتەرێکی کاریگەر و هێزێکی سەقامگیرکەر ڕۆڵ ببینێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی لە سەرووی هەموو هاوکێشەکانەوە دابنێت.



