دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی تروس سۆشیاڵەوە دەستیکردوە بە فرۆشتنی خزمەتگوزارییەک بە کۆمپانیا داراییەکان، کە تێیدا پۆستەکانی سەرۆکی ئەمریکا زووتر پێیان دەگات و لە بەرانبەردا مانگانە 100 هەزار دۆلاریان لێوەردەگرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا  بەردەوامە لە بازرگانییکردن و لە رێگەی پلاتفۆڕمی تروس سۆشیالەوە، خزمەتگوزارییەکی بۆ کۆمپانیا داراییەکان پیشکەشکردوە، لەبەرانبەر زوو گەیشتی پەیامەکانی خۆی مانگانە بڕیک پارەیان لێوەردەگیرێت کە تا  100 هەزار دۆلاری مانگانە دەڕوات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ و دوو کۆمپانیای مامەڵەی دارایی لە وۆڵ ستریت لە بەشداربووانی ئەم خزمەتگوزارییەی تروس سۆشیالن، کە دۆناڵد ترەمپ خاوەندارێتی دەکات.

 ئەمەش لەبەر ئەوەی دەستگەیشتنی خێراتر بە لێدوانەکانی ترەمپ، کە کاریگەریی راستەوخۆ و بەرچاو لەسەر بازاڕە داراییەکان دروست دەکەن،  باڵادەستی و مۆڵەتێکی تایبەت بە پشکدار و مامەڵەکاران دەبەخشێتو  پێش هەموان ئاگایان لە بەرزبونەوە و نزمبونەوەی نرخەکان دەبیت.

ئەم کارەی تروس سۆشیاڵ روبەڕووی شەپۆلێک لە رەخنەی توند بوەتەوە بەهۆی دروستکردنی کەشوهەوای نایەکسانی لە دەستگەیشتن بە زانیارییە حکومییەکان و دروستبوونی کێشەی بەیەکدادانی بەرژەوەندییەکان، تا ئەو رادەیەی دوو دامەزراوەی راگەیاندن سکاڵای یاساییان لە دژی تۆمار کردووە.

لە بەرانبەردا، تروس سۆشیال ئەو زانیاریانەی رەتنەکردوەتەوە و بەڵکو رایگەیاندوە، کە ئەوان خزمەتگوزارییەکی باو و ئاسایی لە پیشەسازیی تەکنەلۆجیادا پێشکەش دەکەن کە داواکارییەکی زۆری لەسەرە.