بكوژی دوو براكەی ئاكرێ شەوی رابردوو لە سەنتەری ئاكرێ بە چەك رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكانی قەزاكە بووە و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهات، گەڕان و بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەكانیش بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی ئەو بكوژە دەستیپێكردووە.

دڵبرین غازی پەیامنێری كوردسات نیوز لە ئاكرێ رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی ئاكرێ لە چالاكییەكەدا هەوڵیانداوە ئەو كەسە دەستگیربكەن كە بە تۆمەتی كوشتنی دوو براكەی ئاكرێ و برینداركردنی برایەكی تریان تۆمەتبارە، بەڵام ئەو تۆمەتبارە بە چەك رووبەڕوی هێزە ئەمنییەكان بووەتەوە و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوابەدوای هەڵهاتنی ئەو تۆمەتبارە گەڕان و بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەكان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە دەستپێكردووە، بەڵام تاكو ئێستا دەستگیرنەكراوە.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە ئەو تۆمەتبارە دەسترێژی گوللەی لە سێ برا كرد و بەهۆیەوە دووانیان گیانیان لەدەستداوە و برایەكی تریشیان برینداربوو.

نوێترین زانیارییەکان و ساتی رووبەڕووبوونەوەکە لەم لینکەوە ببینە...