ناتانیاهۆ: بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە ترەمپ ناکەین
محەمەد رزگار
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە میانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و لە لێواری هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا، ناتانیاهۆ جەخت لەوەدەکاتەوە، تەنها هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەس نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان روخاندنی دەسەڵاتەکەیەتی.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، رێنمایی بە سوپا و دەزگای مۆساد داوە کە تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی تاران، روخاندنی دەسەڵاتی ئێرانە، چونکە مانەوەی ئەم رژێمە دەرفەتی پێدەداتەوە تواناکانی پێشووی بەدەستبهێنێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، کە 90٪ـی ئەرکەکان لە ئێران ئەنجام دراون و جەختیکردەوە، کاتێک زانیویانە ئێران مەترسیی لەناوچبردنی ئیسرائیلی هەیە، بڕیاریان داوە بە تەنهایی هەنگاو بنێن، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی "گڵۆپی سەوز"ی ئەمریکا بن؛ چونکە بە وتەی خۆی "بوونی ئیسرائیل بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆ و مامەڵەکردن".
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ناتانیاهۆ ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێگری لە هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردبێت و راگەیاند: "تەنها ترەمپ لە هەنگاوەکانمان ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام بۆ هێرشکردنەسەر ئێران هەرگیز داوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی لێ ناکەین".



