رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردوەتەوە، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا  بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پلانی هێرشێکی سەربازیی درێژخایەنی هەبوە و دۆناڵد ترەمپ رێگری لێکردوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە رۆژی 10ـی10ـی2026، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردوە ئامادەبن بۆ هێرشی فراوان و درێژخایەن بۆ سەر ئێران، بەڵام دوای زانیانی دۆناڵد ترەمپ رێگری لەو هێرشەکردوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان؛ بڕیار بوو لە هێرشەکەدا ژێرخانی مەدەنی، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و پێگەکانی رژێمی ئێران بکرێنە ئامانج و قەبارەکەی لە ئۆپراسیۆنی مانگی شوباتی رابردوو گەورەتر بێت.

فاینانشاڵ تایمز ئاماژەی بەوەکردوە، دۆناڵد ترەمپ، دژایەتیی خۆی دەربڕی بۆ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا و ناتانیاهۆش ناچار بوو ئۆپراسیۆنەکە هەڵوەشێنێتەوە.

ئەمەش لە کاتێكدایە، بنیامین ناتانیاهۆ نایشارێتەوە  و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و رازیکردنی ئەمریکا تا دوبارە بە هاوبەشی هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێکبکەنەوە.