کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودیە بارەگای سەرەکی خۆی لە شارۆچکەی زەهران چۆڵ کرد و رێنمایی بە فەرمانبەرانی دا کە ئەمڕۆچوارشەممە لە ماڵەوە درێژە بە کارەکانیان بدەن، ئەمەش دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بارەگاکە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەوە گواستییەوە کە فەرمانی چۆڵکردنی بینای بارەگای سەرەکی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە لە شاری زەهران دەرچووە.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە رێنمایی بە فەرمانبەرانی کۆمپانیای ئارامکۆ دراوە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵەوە کار بکەن.

ئێوارەی دوێنێ ئاژانسی رویترز لە زاری چەندین سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری ئەو دامەزراوە هەستیارەی زەهران بیستراوە، ئەمەش وای لە ئیدارەی کۆمپانیاکە کردووە بڕیاری چۆڵکردنی بەپەلە بدات و دەوامی مەیدانی بگۆڕێت بۆ کارکردن لە دوورەوە بە مەبەستی پاراستنی گیانی کارمەندەکانی.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە وتەبێژی هێزەکانی سەنعا هۆشیارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان کرد بەپەلە لە چەند ئامانجێکی دیاریکراو دووربکەونەوە، لەوانە: بارەگای ئارامکۆ لە دەمام، فرۆکەخانەی مەلیک خالید لە ریاز و وێستگەی پاڵاوگەی ریاز؛ وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بەئامانجگرتنی سەنعای پایتەخت.