رۆیتەرز: ئێران لە گەروی هورمز تاکتێکی هێرشی گۆڕیوە و ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە لە جیهاندا
بڵند
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە؛ تاران شێواز و تاکتیکی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەروی هورمز گۆڕیوە و ئامانجیش لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە لە جیهاندا.
ئاژانی رۆیتەرز لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردوەتەوە، تاران لە باڵاترین ئاستی سەرکردایەتییەوە بڕیاری داوە شێواز و تاکتیکی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەروی هورمز بگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە لە جیهان و تێکدانی ئابوریی و کاریگەریدانانە لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردوە؛ نزیکەی 10 رۆژە هێرشەکانی ئێران بە تاکتیکی نوێ بۆ سەر کەستییەکان زیادیان کردووەو تا رادەیەکیش سەرکەوتوو بووە.
لە بەرانبەردا لێپرسراوێکی سەربازیی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، کە سوپای پاسداران شێوازی هێرشەکانی گۆڕیوە؛ بەهۆی ئەوەی لێدانەکانی ئەمریکا رادارەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە، ئێستا ئێران بەلەمی بچوک بەکاردێنێت بۆ چاودێریکردن و دیاریکردنی ئامانجەکان.
ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە ئاشکراشی کردوە، هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا بەلەمێکی چاودێریی ئێرانییان تێکشکاندووە، رونیشیکردوەتەوە؛ سەرەڕای ئەم هەوڵانەی ئێران، تاران بەهۆی لاوازبوونی هێزە دەریاییەکانییەوە نەیتوانیوە رێگربێت لە زیادونی هەناردەکردنی نەوت لە گەروەکەدا.


