ئێران: كردنەوەی گەروی هورمز بەندە بە جێبەجێكردنی مەرجەكان لەلایەن ئەمریكاوە
لازیا عەلی
١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران كردنەوەی گەروی هورمز بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی واشنتۆنەوە دەبەستێتەوە و رایدەگەیەنێت، لێكتێگەیشتنی تاران و مەسقەت لەسەر رێڕەوە ئاوییەكان، بە واتای كردنەوەی دەستبەجێی گەروەكە نایەت.
كازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێككەوتنی دووقۆڵیی تاران لەگەڵ عوممان لەبارەی دیاریكردنی رێڕەوەكانی هاتوچۆ لە گەروی هورمز، هەنگاوێكی یاسایی و تەكنیكیی نوێیە لە جیاتی رێكارە كۆنەكان، هەردوو وڵاتیش كار بۆ تۆماركردنی رێككەوتنەكە لە رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشتیوانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، بەڵام ئەم هەنگاوە مانای دەستپێكردنەوەی خێرای هاتوچۆ نییە.
روونیشی كردەوە، تاران ناچار نییە لەم قۆناغەدا گەروی هورمز بكاتەوە، كۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر گەروەكەدا بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی واشنتۆن تێدەگات بژاردەی سەربازیی چارەسەری كێشەكان ناكات.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردەوە، كردنەوەی هورمز بە تەواوی پەیوەستە بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی ئەمریكاوە.



