فرانس پرێس: جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی ریاز هێرشیکراوەتەوەسەر
ساکۆ سمکۆ
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دوابەدوای چەند هێرشێکی حوسییەکان بۆسەر فڕۆکەخانەی ریاز لە سعودیە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە هێرشکرایەوەسەری و لێپرسراوانی فڕۆکەخانەکەش گەشتە ئاسمانییەکانیان وەستاندووە.
ئاژانسی فڕانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لەناو فڕۆکەخانەی ریازەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 10ـی 10ـی 2026، جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوە فڕۆکەخانەی ریاز بیسترا.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی تەقینەوەکەوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە وەستێنراون و لێپرسراوانیش رێنوێنی گەشتیارانیان کردووە کە فڕۆکەخانەکە جێبهێڵن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش حوسییەکانی یەمەن بە موشەکی بالیستیکی هێرشیان کردبووەسەر فڕۆکەخانەی ریاز و چەندین پێگەی دیکەی گرنگی سعودیە، کە زۆرینەی پێگەکانیش شوێنی ستراتیژی و شوێنی بەڕێکردنی کار و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی مەدەنییە.



