فەرماندەیەكی پێشووی هەسەدە دەڵێت مەترسییەكی جددی لەسەر كورد و پێكهاتەكانی تر و تەواوی ئەو دەستكەوتانە دروستبووە كە لە شەڕی تیرۆر بەدەستهاتوون.

فەرهاد شامی بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، مەترسی گەورە هەیە بۆ لەدەستدانی خەبات و قوربانییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە لە ماوەی دەیەی رابردوودا لە شەڕی دژی داعش و گروپە توندڕەوەكاندا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا پێشكەشیانكردووە.

دەشڵێت، خۆپیشاندان و روداوەكانی حەسەكەكە  لەژێر سایەی پاراستنی هێزە ئەمنییەكانی سوریا رێكخرابوو، یادەوەرییە نیگەرانكەرەكانی سەردەمی داعش بە بیر دەهێنێتەوە و نیگەرانییەكی جددیش لەبارەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و توندڕەویی دروست دەكەن.

فەرهاد شامی راشیگەیاندووە، ئەو هەڕەشە پەرەسەندووانەی روبەڕوی كورد و مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تری ناوچەكە دەبنەوە، پێویستی بە هەنگاونانی رێكخراوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێگرتن لە پشێوی و سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی.