دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کە لە مانگی 11دا ئەنجامدەدرێت، هێرش ناکاتە سەر ئێران، ئاماژەی بەوەشکردوە گەروی هورمز لە رەوشێکی باشدایە بۆ هەناردەی نەوت.

سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی لە تروس سۆشیاڵ بڵاوکردوەتەوە  و دەڵێت؛  لە ئێستادا لە گفتوگۆی بەرهەمداردان لەگەڵ ئێران و بیر لە هێرشکردن ناکەنەوە.

لە بارەی رەوشی ئابوریی ئێرانیشەوە، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ ئەوان لە رەوشێکی تەواو خراپدان، لە روی ئابوری و سەربازییەوە بە تەواوەتی تێکشکاون.

ناوبراو ئاماژەی بە گەمارۆکانی هێزی ئەمریکا داوە بۆسەر ئێرانو دەڵێت بە تەواوەتی کاریگەری دروست کردوە.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت؛ لە ئێستادا نەوتێکی زۆر بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕێت  و تەنها شەوی رابردوو 22 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەروەکەدا رۆشتوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا(سێنتکۆم) پێشتر، رایگەیاندوە لە مانگەکانی رابردوی جەنگدا هێزەکانی ئەمریکا، هاوکاربون بۆ تێپەڕبونی ملیارێک و 250 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەروی هورمزدا.