بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی شاری سلێمانی کۆبووەوە بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.

‎ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی 10ـی 2026، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەشتی عەتا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری پارێزگاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان راپەڕین و سەرۆکی شارەوانییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە و کەلار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانییەکان و ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان و بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاودێری سلێمانی و گەرمیان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە مەبەستی ئامادەکاریی بوو بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی بودجە و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و لابردنی زیادەڕۆییەکانی بەردەم رێڕەوەکانی ئاو.