وەزیری ئابوریی و دارایی ئێران: ئابوریی ئێران ناڕوخێت و ئەمریکا خەیاڵی خاوە
بڵند
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزیری ئابوری ئێران وەڵامی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت؛ ساڵانێکە خەیاڵی ئەوە دەکەن ئابوریی ئێران دەروخێت و خەیاڵیان خاوە، ئاماژەی بەوەشکردوە قەرەبوی زیانلێکەوتوەکانی جەنگیان کردوەتەوە.
عەلی مەدەنی زادە، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە رەوشی ئابوریی ئێران رایگەیاند، ساڵانێکی زۆرە دەوترێت دوو هەفتەی تر یان مانگێکی تر ئابوریی ئێران تیادەچێت و توشی داڕمان دەبێت، بەڵام بێگومان ڕوداوێکی لەو شێوەیە رونادات
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانج لەم جۆرە لێدوانانە دروستکردنی نائارامی و سترێسە لە نێو خەڵکدا، تاوەکو روبکەنە بازاڕی دراو و بەوەش نرخی دۆلار بەرزببێتەوە، بەڵام رێگە بەوە نادەن.
سەبارەت بە زیانەکانی شەڕیش، مەدنیزادە ئاشکرای کردوە، لە کۆی نزیکەی 78 هەزار ملیار تۆمان زیانی خەمڵێندراو بۆ یەکە بچوک و ناوەندییەکان، تا ئێستا نزیکەی 45 هەزار ملیار تمەن دراوەتەوە بە زیانلێکەوتوان.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 50 هەزار ملیار تمەن وەک زیانی راستەوخۆی دڵنیایی (بیمە) و زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاریش وەک زیانی پەیوەندیدار بە کەشتی و فڕۆکەکان کۆمەکی دارایی کراون و دراونەتەوە.
ئەم قسانەی وەزیرەکەی ئێران لە کاتێکدایە، لە ئێستدا سەرەرای قەیرانی ئابوری و گرانی شتومەک لە ئێراندا، بەهای دراوی وڵاتەکە لە نزمترین ئاستی مێژویی خۆیدایە و بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرانبەرە بە 250 هەزار تمەن.



