ئیسرائیل روداوەکەی فلای دوبەی بە هەوڵێکی تێرۆریستی دادەنێت
محەمەد رزگار
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
دوای چەند سەعاتێک لە روداوەکەی ئاسمانی ناوچەکە، ئیسرائیل روداوی فڕۆکەی کۆمپانیای 'فلای دوبەی' لە گەشتی FZ1073 لە دوبەیەوە بەرەو تەلئەبیب بە "هەوڵێکی تێرۆریستی" وەسف کرد، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی هۆکار و پاڵنەرەکانی دروستبوونی ئەو روداوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندی بە یەکێک لە سەرنشینەکانەوە کردووە و پێی راگەیاندووە بە هاوکاریی ئەندامێکی تیمی فڕۆکەکە توانینیان بچنە ناو کابینەی فڕۆکەوانەکە و دەستبەسەر ئەو فڕۆکەوانەدا بگرن کە هەوڵی تێکدانی سیستمی فڕۆکەکەی دابوو، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد سەرجەم سەرنشینەکان لە مەترسی دەرچوون و فڕۆکەوانە هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە.
لە لایەکی ترەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، زانیارییە سەرەتایییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی هێرشبەرەکە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بووە بە سەرجەم سەرنشینەکانییەوە، بێجگە لەوەی کارەکە بە هەوڵێکی تێرۆریستی ناوبرد.
لە بەرانبەردا، کۆمپانیای 'فلای دوبەی' لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "دەمەقاڵێ" لە ناو شوێنی فڕۆکەوانەکاندا روی داوە، بەڵام تیمی فڕۆکەکە توانیویانە ئاسایشی فڕۆکەکە بپارێزن و ئاڕاستەکەی بگۆڕن بۆ فڕۆکەخانەی تەبوک لە سعودیە و بە سەلامەتی بنیشێتەوە.
کۆمپانیاکە جەختیشی کردەوە، سەرجەم سەرنشینەکان و تیمی فڕۆکەکە سەلامەتن و هاوکاریی تەواوی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان دەکەن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.
هاوکات، لێپرسراوانی فڕۆکەخانەی تەبوک رایانگەیاند، لە سەعات 8:44ـی بەیانییەوە داوای فریاگوزارییان لە فڕۆکەکەوە پێگەیشتووە و دەستبەجێ رێکارەکانی باری لەناکاویان گرتبووە بەر بۆ دڵنیاوبوونەوە لە سەلامەتیی سەرنشینان.



