دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق روونیدەكاتەوە بڕیارەكەی دادگای رەسافە بە واتای نوێكردنەوەی مۆڵەتی كۆڕەك تێلیكۆم نایەت و داخستنی بنكەكانی كۆمپانیاكەش بەردەوام دەبێت.

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا روونكردنەوە دەدات لەسەر بڕیاری دادگای بەرایی رەسافە لە بەغداد سەبارەت بە كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم و ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە دەڵێن بەپێی بڕیارێكی دادگاكە رێكارەكانی بەرانبەر كۆمپانیاكە هەڵوەشێنراونەتەوە.

دەستەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە بڕیارەكەی دادگا تەنها پەیوەستە بە كارپێكردنەوەی گرێبەستی خشتەبەندیكردنی قەرزەكانی كۆڕەك بۆ دەوڵەت، نەك رێگەدان بە دەستپێكردنەوەی كارەكانی.

بەپێی روونكردنەوەكە، مۆڵەتی خزمەتگوزاریی كۆڕەك لە 30ی ئەیلوولی 2022ەوە بەسەرچووە، بۆیە پڕۆسەی داخستنی بنكەكانی و قەدەغەی كاركردنی بەردەوام دەبێت.

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق ئاماژەی بەوەش كردووە، بڕیارەكەی دادگای بەرایی رەسافە، كۆڕەك لە دانەوەی قەرزەكانی نابەخشێت، ئەگەریش كۆمپانیاكە بەبێ رەزامەندیی دەستەكە هەر یەكێك لە بنكە داخراوەكانی بكاتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی دەخاتە سەر خۆی.

دەستەكە دووپاتیشی دەكاتەوە، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێكاری یاسایی و تانەدان لە دۆسێكە بۆ پاراستنی مافەكانی دەوڵەت.