ئەمریکا بەردەوامە لە فشارە ئابورییەکانی بۆ سەر ئێران و لە نوێترین هەنگاویشدا شەش ملیۆن لیتر نەوتی ئەو وڵاتە، کە دەستیبەسەردا گرتوە دەبات بۆ خۆی.

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی دەستبەسەرداگرتووە، کە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە و بە نیازە بیگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهای ئەو نەوتەی ئێران، کە ئەمریکا دەیبات بۆخۆی، زیاترە لە 600 ملیۆن دۆلار و لە کاتی گەمارۆ دەریایەکاندا کەشتییەکان دەستیان بەسەرداگیراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تانکەر تراکەرز، کە چاودێری جوڵەی کەشتییەکان دەکات، کەشتییەکان بەرەو ئەمریکا دەڕۆن و لە ئێستادا لە نزیک کەناراوەکانی باکوری بەرازیلن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم دەستبەسەرداگرتنە لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی ئەمریکادایە، کە ئامانجیان سنوردارکردنی هەناردەی نەوتی ئێرانە. 

لای خۆشیەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەم هەنگاوەی وەک هەوڵێک بۆ تێکدان و پەکخستنی تۆڕە نایاساییەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە سزادراوانە پێناسە کردووە، کە هاوکاریی مادی پێشکەشی ئێران دەکەن.