لە شەوی رابردووەوە کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئیمارات راگرتووە.

لە هەمان کاتدا، مەجید ئەخوان، وتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئێران رایگەیاند: تورکمانستان مۆڵەتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا بە کۆمپانیا ئێرانییەکان نەداوە، بەو هۆیەوە گەشتی تاران - دووشەنبە ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ فرۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران.

ناوبراو داوای لە گەشتیاران کرد پێش گەشتکردن زانیاریی پێویست لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرن.

سەرەڕای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی واشنتۆن بۆ راگرتنی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران، هێشتا ژمارەیەک گەشتی نێودەوڵەتی بەرەو چین، تایلەند و ئەفغانستان بەردەوامن، لە کاتێکدا زانیارییەکان دەربارەی گەشتەکان بۆ تورکیا دژ بەیەکن.

ئاژانسی بلۆمبێرگ بە پشتبەستن بە داتاکانی ماڵپەڕی "FlightRadar24" ئاشکرای کردووە کە گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێرانەوە بۆ چەند ناوچەیەک لەوانە بانکۆک و پوکێت لە تایلەند، شانگهای لە چین، و کابول لە ئەفغانستان ئەنجام دراون.