سوپای ئیسرائیل کوژرانی بەرپرسی بەشی دارایی حەماسی لە خان یونس راگەیاند
سەوسەن سەید
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباک" رایانگەیاند کە دوێنێ چوارشەممە لێدانێکیان لە ناوچەی خان یونس لە باشوری کەرتی غەززە ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی محەممەد ئەبو عەلوان، بەرپرسی بەشی دارایی لە بزووتنەوەی "حەماس".
بەپێی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، "ئەبو عەلوان زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی بودجەی سەرجەم قۆڵەکانی حەماس، لە کاتی جەنگدا رێنمایی دابوو بۆ گواستنەوەی زیاتر لە ملیارێک شێکڵ بۆ تەمویلکردنی چالاکییە تەقینەوەیی و سەربازییەکان، ئەوەش کردییە کەسایەتییەکی سەرەکی لە پاراستنی دەسەڵاتی رێکخراوەکە و مانەوەیدا، دەستبەجێش کاری کردووە بۆ گەڕاندنەوەی تواناکانی رێکخراوەکە لە رێگەی پێشێلکردنی سیستماتیکی ئاگربەست، ئەوەش وایکرد لە رێگەی ئاسمانییەوە بکرێتە ئامانج بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییەی دروستی کردبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە سوپا و شاباک بەردەوامن لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ "لەناوبردنی توانای دارایی حەماس و رێگریکردن لە گەڕاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و سەربازییەکەی، لەوانەش لەناوبردنی چەکداران و بەئامانجگرتنی تۆڕەکانی صەڕاف و نێوەندگیرەکانی تێوەگلاو لە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار.



