دوای سێ ساڵ خوێندن لە غەززە دەستیپێکردەوە
هەساو ئەمیر
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
دوای سێ ساڵ لە داخرانی دەرگای خوێندنگەكان و دابڕان لە خوێندن بەهۆی جەنگ و وێرانكارییەوە، منداڵانی غەززە گەڕانەوە بۆ پۆلەكان.
منداڵانی غەززە بەخۆشحاڵییەوە دەچنە ناو پۆلەكانیان، كە جگە لە تەختەیەكی رەش هیچی تری تێدا نییە، خوێندنگەیەك نە دەرگای هەیە و نە دیوار، بەڵام دڵخۆشی لە چاوی یەك بە یەكی منداڵەكاندا بەدی دەكرێت.
رێكخراوی سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان یونیسێف رایگەیاندووە، 98٪ی خوێندنگەكانی غەززە یان بە تەواوی لەناوچوون، یان رووخاون و بە كەڵكی بەكارهێنان نەماون، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەهەوڵی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان توانراوە بۆ ئەمساڵ 540 هەزار منداڵ بگەڕێنرێنەوە ناو پۆلەكان.
نرخی كەلوپەل و پێداویستییەكان زیاتر لە سێ هێندە بەرزبوونەتەوە، مەترسییەكانی جەنگ بەردەوامن و شەڕ هەنگاوێك لێیان دوورە، بەڵام هێشتا ئومێد لە چاوەكانیاندا دەبینرێت و دەڵێن: سەرەڕای نەبوونی پێداویستییەكان و لەدەستدانی هاوڕێكانمان، ئێمە لەناو خێمەكانیشدا فێر دەبین و بەردەوام دەبین.
رێكخراوی یونیسێف پرۆگرامێكی فراوانی فریاگوزاری راگەیاندووە بەناوی گەڕانەوە بۆ فێربوون، لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەشدا خێمە و پێداویستییەكانی خوێندن بۆ منداڵانی غەززە دابین دەكەن، ئامانجی پرۆگرامەكەش رێگریكردنە لە دروستبوونی نەوەیەكی دابڕاو لە خوێندەواری
منداڵانی غەززە لەپاڵ گەڕانەوەیان بۆ خوێندن، پاڵپشتی دەروونیشیان پێشكەش دەكرێت و دەیانەوێت شۆكی جەنگیان لەسەر كەمبكەنەوە.
دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە كەرتی غەززە لەكاتێكدایە لە سێ ساڵی رابردوودا، نزیكەی 22 هەزار خوێندكار و زیاتر لە 770 كارمەندی پەروەردەیی كە 532یان مامۆستا بوون گیانیان لەدەستداوە.



