بلومبێرگ: ناردنی چەكی ئەمریكا بۆ ئەوروپا پێنج ساڵ دوادەكەوێت
ئاکام
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
پێشبینی دەكرێت ناردنی چەكی ئەمریكا بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێرانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوابكەوێت.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردەوە، ئەمریكا هۆشداریی بە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی داوە كە پێشبینی دواكەوتنی ناردنی چەك بكەن بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا هەوڵی پڕكردنەوەی كۆگا بەتاڵبووەكانی تەقەمەنی دەدات كە لە جەنگی ئێراندا بەكارهاتوون و كەمبوونەتەوە.
ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە، ئەو كورتهێنانە كاریگەریی كردووەتەسەر ئۆكراین كە داوای موشەكی پاتریۆتی زیاتری لە ئەمریكا كردووە بۆ بەرگریی ئاسمانیی.
بڵاویشیكردووەتەوە، سەرۆكی ئەمریكا وتویەتی گفتوگۆ دەكەن لەسەر پێشكەشكردنی نەوەیەكی نزمی سیستمی پاتریۆت بە ئۆكراین یان مۆڵەتی دروستكردنی ئەو چەكە بە ئەوروپا دەدات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەڵمانیا داوای لە ئەمریكا كردووە پەلە بكات لە ناردنی موشەكی تۆماهۆك و تایفۆن، چونكە وڵاتانی ئەوروپا پەلەیانە بۆ وەرگرتنی چەكی نوێی ئەمریكا.


