نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشدارییکردنی لە "لوتکەی سلێمانی" وتارێکی پێشکەشکرد و چەند پەیامێکی گرنگی لەبارەی کەرتی ئابوری، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد و جێبەجێکردنی دەستور راگەیاند.

لە وتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی کارای کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند: "کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بووە"، جەختیشی لەوەکردەوە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتوو خۆمان ئامادە بڕەخسێنین و بەرەو ئابورییەکی هەمەچەشن هەنگاو بنێین.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و عیراق زیاتر گەشە بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهێزیی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە حکومەتی بەغداد ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکات تا بتوانن لە پارێزگاکانی عیراقدا وەبەرهێنان بکەن.

سەبارەت بە رەوشی سیاسی و دەستووریی عیراق، نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەی عیراق لە ناوەڕۆکی دەستورەکەیدا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنەکەیدایە، جێبەجێکردنی دەستووریش کلیلی بنەڕەتیی چارەسەری هەموو کێشەکانی عیراقە"،وتیشی: "ئەگەر دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، ئێستا پێگەی عیراق لە ناوچەکە و جیهاندا بەهێزتر دەبوو".

لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێکخستن و ئەنجامدانی ئەم لوتکەیە و رایگەیاند: "قوباد تاڵەبانی سەرمایەیەکی گرنگی نیشتمانەکەمانە".