حوسییەکانی سعودییە رایانگەیاند، توانیویانە فڕؤکەیەکی جەنگی F-15ـی سعودییە بە موشەک بخەنە خوارەوە، کە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆندا بووە.

عەمید یەحیى سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە  راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێک کە دروستکراوی خۆیانە،  توانیویانە فڕۆکەیەکی جەنگیی سعودی لە جۆری F-15 لە ئاسمانی پارێزگای مارب بخەنەخوارەوە.

لە راگەیەندراوکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو فڕۆکەیەی خراوەتە خوارەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکەدا کراوەتە ئامانج.

جەختیشکراوەتەوە،  هێزەکانیان روبەڕووی دوو پێکهاتەی دیکەی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە جۆرەکانی "F-15" و "تایفۆن" بوونەتەوە کە لە هەوڵی دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو فرؤکەیانداوە کە خراوەتە خوارەوە.

سەبارەت بە هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەم هەفتەیە، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئاماژەی بەوەکردوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە بنکەکانی خەمیس مشێتی و طائفەوە زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پارێزگا جیاوازەکانی یەمەن ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.