لەسەر بانگهێشتی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیارە، سبەینێ بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەردانێكی رەسمی و بە یاوەری وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی ئێران بكات.

ئیسماعیل به‌قایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند سبەینێ سێشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سه‌رۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە.

بەقایی ئاماژەی بەوەکردوە، سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران کە لەسەر بانگهێشتی عەباس عراقچی،  وەزیری دەرەوەیە و لە چوارچێوەی راوێژکارییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستاندایە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەردانەکە بەمەبەستی  فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەدا کۆدەبێتەوە.

بەقایی جەختیشیکردوەتەوە سەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران سەبارەت بەو پرسانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن، لەوانەش پرسەکانی پەیوەست بە هاوکاری ئابووری و ئاسایشی سنورەکان تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن.