وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێکاری رەفتاری پیشەیی مامۆستایان و خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئیمزا کرد، کە رێگری دەکات مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات.

د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارەکەی ئیمزا کردووە کە تەواوی زانکۆ، ئەنجومەن، دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دیاریکردنی ستانداردەکانی رەفتاری پیشەیییە لە قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی، خوێندنی باڵا و بۆردی کوردستانی.

تەوەرەی یەکەم، رەفتاری ئەکادیمی و پیشەیی مامۆستایان رەفتاری یەکسان: قەدەغەیە جیاوازی لە نێوان خوێندکاراندا بکرێت لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە، رەگەز، بیروڕا، یان باری ئابوری و کۆمەڵایەتی.

پەیوەندییەکانی مامۆستا و خوێندکار: قەدەغەیە مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات. لە حەڵەتی هاوسەرگیری لە کاتی خوێندندا، مامۆستاکە دەگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی بەش و کۆلێژەکە.

پەیوەندیی تەلەفۆنی: پەیوەندییەکان دەبێت لە رێگەی ئیمەیڵی رەسمی، پلاتفۆرمی زانکۆ (LMS)، یان لە رێگەی نوێنەری پۆل و سەرۆک بەشەوە بێت. 

رێگریکردن لە بەرتیل و دیاری: وەرگرتنی دیاری لە خوێندکاران بە بەرتیل هەژمار دەکرێت و کەیسەکە رەوانەی دادگا دەکرێت.

رێگریکردن لە بەرژەوەندیی خزمایەتی: مامۆستا بۆی نییە وانە بڵێتەوە، بێتە سەرپەرشتیار یان ئەندامی لیژنەی تاوتوێکردن، ئەگەر خوێندکارەکە خزمایەتی تا پلە چوار لەگەڵیدا هەبێت. 

شێوازی وانەوتنەوە: دەبێت وانەکان بە بێلایەنی بڵێنەوە و دەستەواژەی هاندەر بۆ دووبەرەکی، جیاکاری نەتەوەیی یان ئایینی بەکارنەهێندرێت. 

هەڵسەنگاندن و نمرەدان: نمرەی خوێندکاران تەنها لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی زانستی دەبێت و نابێت پەیوەندییە کەسییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەبێت. 

پاراستنی ئاکاری گشتی: قەدەغەیە مامۆستا لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان بچێتە ناو حەرەمی زانکۆ یان هۆڵەکانی خوێندن. 

گەیاندنی زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: دەبێت مامۆستایان بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن بۆ پاراستنی ناوبانگی زانکۆ. 

تەوەرەی دووەم: رەفتار و ئەرکەکانی خوێندکاران پشت بەستن بە توانای خۆیی: خوێندکار دەبێت لەسەر بنەمای توانای زانستی خۆی نمرە بەدەستبهێنێت و قەدەغەیە پەنا بباتە بەر واسیتە، فشار، یان هەڕەشەکردن لە مامۆستا.

 پەیوەندی رەسمی: خوێندکاران بۆیان نییە پەیوەندی کەسی یان تەلەفۆنی راستەوخۆ لەگەڵ مامۆستا دروست بکان یان بانگهێشتی خوان و پێشکەشکردنی دیاری بکان. 

پۆشاک و کۆدی جلوبەرگ: دەبێت خوێندکاران رەچاوی ئادابی گشتی و کولتوری کۆمەڵگە بکەن و پابەندی رێنماییەکانی (Dress Code)ی زانکۆ ببن. 

بەکارهێنانی مۆبایل: بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو هۆڵەکاندا قەدەغەیە، مەگەر بە رەزامەندی مامۆستا و بۆ مەبەستی فێربوون بێت. 

تۆمارکردنی دەنگ و وێنە: تۆمارکردنی وێنە، ڤیدیۆ یان دەنگی مامۆستا لە کاتی وانەدا بە بێ رەزامەندی پێشوەختە بە تەواوی قەدەغەیە.

 ناوهێنانی مامۆستا: پێویستە لە کاتی ناوهێناندا پاشگری زانستی یان پێشگری "مامۆستا" بەکاربهێندرێت. 

پاراستنی ئارامی و کەلوپەلەکان: ئەنجامدانی چالاکی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی یان سازدانی ئاهەنگی کەسی (وەک رۆژی لەدایکبوون) لە ناو حەرەمی زانکۆدا بە بێ مۆڵەت قەدەغەیە. 

قەدەغەکردنی ماددە زیانبەخشەکان: بردنەژوورەوەی چەک، خواردنەوە کحولییەکان، یان دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ژینگەی ئۆتۆمبێل یان هۆڵەکان قەدەغەیە. 

ئامادەبوون لە وانەکان: دواکەوتن لە وانەی یەکەم تەنها تا 10 خولەک بە پاساوی رەوا رێگەپێدراوە، لە وانەکانی تردا مامۆستا سەرپشکە لە رێگەنەدان بە چوونی خوێندکار بۆ ناو هۆڵ. 

تەوەرەی سێیەم: حوکمە گشتییەکان هەفتەی ئاڕاستەکردن (Orientation): زانکۆکان پێویستە لە هەفتەی یەکەمی خوێندندا رۆژێک بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بە رێنماییەکان تەرخان بکەن. 

سەرپێچی و سزاكان: هەر جۆرە جیاکاری یان سەرپێچییەک بەپێی یاسای بەرژەوەندیکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژماره (14)ی ساڵی 1991 و رێنمایی بەرزەفتکردنی خوێندکاران دادگایی یان رێکاری یاسایی لەبەرانبەر دەگیرێتەبەر.

 قەدەغەکردنی جگەرەکێشان: جگەرەکێشان و ڤەیپ لە ناو زانکۆ قەدەغەیە، جگە لەو شوێنانەی تایبەت دەکرێن (Smoking Area).

 پاراستنی نهێنی سکاڵاکار: ناو و ناسنامەی ئەو کەسانەی سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکان پێشکەش دەکەن بە نهێنی دەپارێزرێت. 

جێبەجێکردن: ئەم رێکارە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بوار جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) و ساڵانی دواتر بەکاردەهێندرێت.