دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسەوە، بە تەواوی ھێزی خۆیانەوە ھێرشیان نەکردووەتە سەر ئێران.

بڕیارە ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە سێی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەنجام بدرین.

دۆنالد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئەمریکا بە تەواوی ھێزی خۆی ھێرشی نەکردووەتەوە سەر ئێران، وتی: "بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، نامانەوێت بە تەواوی ھێزی خۆمان ھێرش بکەیەنە سەر ئێران".

ھەروەھا سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئێران، راستەوخۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، کۆتایی پێدێت و رایگەیاند: ئێستا ئێران، زەحمەت دەتوانێت بەرگەی بگرێت و لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە.

ترەمپ سەبارەت بەوەی کە ئێران چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی موشەک، سەرباری ئەوەی واشنتۆن بانگەشەی کردووە کە توانی موشەکی ئێرانیان لەناوبردووە، ئەوا وتی: ئەوان (ئێرانییەکان) ژمارەیەکی زۆر موشەکیان ھەیە، ئێمە بەشێکی زۆری ئەو موشەکانمان تێکشکاندووە، بەڵام ھێشتا موشەکیان ھەیە.

 دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند کە بەھیچ شێوەیەک ھەست بە پەشیمانی ناکات لە سیاسەتەکەی بەرانبەر ئێران.