كونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان وەڵامی داواكەی قوباد تاڵەبانی دایەوە سەبارەت بە هۆكاری گیانلەدەستدانی خوێندكارە كوردەكە لە چین و ئامادەییی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ خێزانی ئەو خوێندكارە.

كونسوڵخانەی گشتیی چین ئاماژەی بەوە كردووە، محەمەد سەعدەدین هادی، خوێندكاری دكتۆرای لە زانكۆی زەریای چین و خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە، درەنگانی شەوی 8ی ئەم مانگە لە رووداوی خنكانی ئاگادار كراونەتەوە.

دووپاتیشیكردەوە، ئامادەن هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بكەن بۆ گەشتكردنی كەسوكاری محەمەد بۆ چین و تەواوكردنی رێكارەكان بۆ هێنانەوەی تەرمەكەی.

پێشتریش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  لەگەڵ لیۆ جون، كونسوڵی گشتیی چین كۆبۆوە و داوایكرد هەرچی زووتر هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو خوێندكارە كوردە روونبكرێتەوە و كارئاسانی پێویست بكرێت بۆ هێنانەوەی تەرمەكەی بۆ كوردستان.