بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەپێی نووسراوی رەسمیی ژمارە (11711 لە 3ی ئەیلوولی 2026)، بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانیی خزمەتگوزاریی ماڵانی دەرکرد، بە مەبەستی پاراستنی کەرامەت، شکۆ و تایبەتمەندیی کەسییان.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی رێگرییە لە بەکارهێنانی نایاسایی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو کرێکارانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مەبەستی ریکلام، بازرگانیی ئەلیکترۆنی، دروستکردنی ناوبانگ یان دروستکردنی ناوەڕۆکی گاڵتەجاڕی.

لایەنی پەیوەندیدار جەختی لەوەش کردووەتەوە: کرێکارانی بیانی خاوەنی تەواوی مافە مرۆیی و یاساییەکانن و نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان.

هاوکات جەختکراوەتەوە: پاراستنی کرێکار تەنها لە دابینکردنی موچە و کاردا کورت نابێتەوە، بەڵکو نابێت لە دەرەوەی گرێبەستی کاریش ناچار بە هیچ کارێکی دیکە بكرێن، و سەرپێچیکارانیش رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.